ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگدانی لەسەر بودجە بۆ سبەی دواخست
  2020-12-19       334       

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی وڵات كە بە بودجەیەكی "مشتومڕ هەڵگر" ناسراوە، بۆ سبەی یەكشەممە دواخست.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێكردن و پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، كۆبوەوە.

كەمێك لەمەوبەر نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، لە بەیاننامەیەكی كورتدا، وتی: ئەنجومەنی وەزیرانی بڕیاریدا سبەی یەكشەممە، درێژە بە تاوتوێكردنی بوجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 بدات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە دوای پەسەندكردنی، پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق رەوانەی پەرلەمان بكرێت كە دو مانگ زیاتر لە وادەی خۆی دواكەوتوە.

رەشنوی بودجەی 2021ی عێراق، كە دو رۆژ لەمەوبەر دزەی پێكرا بۆ ناو میدیاكان، بەهۆی ناوەڕۆكەكەیەوە لە نێو پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان و شەقامی عێراقیدا مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت كە تێیدا نرخی 100 دۆلار ئەمریكی بەرامبەر بە 145 هەزار دینار دیاریكراوەو هەروەها بەڕێژەیەكی بەرچاویش دەرماڵەی فەرمانبەران كەمدەكاتەوە.

بەپێى رەشنوسى پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2021)ى عێراق،  کۆى گشتی بودجەى عێراق بۆ ساڵی داهاتو بە (91) تریلیۆن و (790) ملیار و (155) ملیۆن و (529) هەزار دینار دیاریكراوە.

سەبارەت بە نرخى  نەوت و دۆلار لە رەشنوسى پرۆژە یاساى بودجەى ساڵى (2021) هاتوە،  نرخى بەرمیلێک نەوت بە (42) دۆلار و بەهاى (100) دۆلاریش بە (145) هەزار دینار دیاریکراوە، بڕی كورتهێنانیش (58) تریلیۆن و (260) ملیارو (763) ملیۆن و (114) هەزار دینارە، خەرجیەكانیش بە (150) تریلیۆن و( 50 ) ملیار و( 918 ) ملیۆن و( 543 )هەزار دینار دیاریكراوە.

بەپێى رەشنوسەكە، لەساڵى (2021)دا حکومەتى عێراق رۆژانە (3) ملیۆن و (250) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات لەو بڕەش (250) هەزار بەرمیلى نەوتى هەرێمى کوردستانە.
هەروەها بەپێی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە، دەستكاری دەرماڵەی فەرمانبەران بەڕێژەی جیاجیا دەكرێت لەوانەی دەرماڵەی مەترسی، دەرماڵەی بڕوانامە، دەرماڵەی تایبەت، دەرماڵەی خزمەتی زانكۆیی و دەرماڵەكانی دیكەش.

لە پەیوەست بەهەرێمى کوردستانەوە لە مادەى 10ی رەشنوسی بودجەدا ئاماژە بەوە كراوە كە پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فعلی دیاریدەکرێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک و وەزارەتی دارایی خەرجی دەکات بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران و هەروەها دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەکۆی گشتی خەرجی فعلی (خەرجی بەکاربردن و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان) دەبێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی.

هەروەها لە ماددەی 11ی پرۆژە یاساکەدا ئاماژەى بەوە دراوە كە: شایستەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی دەکەن، شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی رابردو هەژمار دەکەن، ژمێرەی کۆتایی دەردەکەوێت کە لەلایەن دیوانی چادێری دارایی پەسند دەکرێت.

هەروەك ئەوەش هاتوە كە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی تێکڕای 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتوی کێڵگەکانی و فرۆشتنی لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت، پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنیا رادەستی گەنجینەی گشتی دەوڵەت بکرێت.

لە هەمان ماددە ئاماژە بەوە دراوە كە هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە خەرجکردنی موچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لەو پارەیەی لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 بۆی دیاریدەکرێت و هەژمارکردنی قەرەبوی فەرمانبەران.

هەروەها ماددەی 11 ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئەگەری پابەندنەبونی هەرێمی كوردستاندا بە رادەستكردنی داهاتە فیدراڵییەكان، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی حوکمی ماددەی (27- پێنجەم) لە یاسای كارگێڕی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 جێبەجێ دەکات و پشکی دیاریکراوی لێدەبڕێت بەپێی بەندەکانی یەکەم و دوەم (ئەلف) لەو مادەیە  دواتر حیسابەکە یەکلایی دەکەنەوە.

بەشێكی دیكەی ماددەی 11 باس لە قەرزەكانی كەڵەكەبوەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات و تێیدا هاتوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی قەرز و ئەو پابەندبونە داراییە کەڵەکەبوانەی كە لەسەریەتی بەهۆی کورتهێنانەوە لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات لەماوەیەک کە 30 رۆژ زیاتر نەبێت لە رێکەوتی دەرچونی ئەم یاسایە.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردولا بە هاوكاری دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم پێداچونەوە بە داتای قەرزەكان و پابەندبونە داراییە كەڵەكەبوەكاندا دەكرێت لەماوەیەک کە 90 رۆژ تێپەڕنەكات لە رێکەوتنی دەرچونی ئەم یاسایە و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەژێر رۆشنایی ئەنجامی پێداچونەوەكەدا ئەو قەرز و پابەندبوونە داراییانە بەشێوەی قیستی ساڵانە یەکلایی دەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×