ئێران لەڕێی وێبسایتێكەوە هەوڵی دروستكردنی گومانی داوە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا
  2020-12-24       599       

دەزگاكانی ئاسایشی ئەمریكا ئاشكرایانكردووە، ئێران لەڕێی وێبسایتێكەوە هەوڵی دروستكردنی گومانی داوە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و هەڕەشەیان لە چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە كردووە.

بەگوێرەی هەواڵێك كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی كانونی یەكەم، سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، ئێف بی ئای-ی ئەمریكی و ئاژانسی ئاسایشی ئینتەرنێتیی سەربە وەزارتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا ڕایانگەیاندووە، زانیاریی تەواو پشتپێبەستراویان هەیە لەبارەی هەڕەشەكردن لە بەرپرسانی ئەمریكا لەلایەن كەسانی ئێرانییەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وێبسایتی “دووژمنی میلەت” كە پاش هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا دروستكراوە، لەلایەن ئێرانییەكانەوە دروستكراوە بۆ دابەشكردنی ئەمریكا و دروستكردنی گومان و نەهێشتنی متمانەی ڕای گشتی لەسەر هەڵبژاردنەكان.

ئەوەی ئەو دەزگایانەی ئاسایشی ئەمریكا باسیان لێوەكردووە، بەر لە مانگێك لەڕێی ئەو پێگەیەوە كە گوایە لەلایەن ئێرانەوە دروستكراوە، هەڕەشە لە بەرپرسانی ئەمریكا كراوە لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە.

هەروەها ئاشكراكراوە، ئێستا وێبسایتەكە داخراوە و لێكۆڵینەوەكان لەبارەیەوە بەردەوامن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×