جۆ بایدن: تیمەکەی ترەمپ لە پنتاگۆن لەمپەر لەبەردەم رادەستکردنی دەسەڵاتدا دروستدەکەن
  2020-12-29       441       

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، دووبارە هەوڵ بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەدات، لە پێناو بەدەستهێنانەوەی متمانەی وڵاتانی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، تیمەکەی ترەمپ لە پنتاگۆن لەمپەر لەبەردەم رادەستکردنی دەسەڵاتدا دروستدەکەن.

ئاوێنه‌: جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە وتارێکیدا جارێکی دیکە سکاڵایکرد لەوەی تیمەکەی بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان لەلایەن ئیدارە و تیمەکەی ترەمپەوە زانیاری پێویستیان پێنادرێت.

راشیگەیاندووە، "پێویستە هەموو ئەو زانیاریانەی لەلایەن ئیدارەی ئێستاوە و بەتایبەتی لەلایەن پنتاگۆنەوە پێمان بگەن، بەڵام پێمان نەگەیشتووە".
باسی لەوەشکردووە، سیاسەتی دەرەوەیان دادەڕێژنەوە و ئەمەش قورسترین ئاڵنگارییە، کە روبەڕوی ئیدارەکەی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەردەمی ترەمپدا دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، هاوکات، بایدن نوێکردنەوەی سیستمی بەرگریشی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بە پێویستزانی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ٢٠ی مانگی داهاتوودا، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و کامێلا هاریس جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو دەسەڵات بگرنەدەست.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×