حەشدی شەعبی: ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی دۆخی ئەمنی نەشڵەژێت
  2020-12-31       997       
ئەندامانی حەشدی شەعبی لە بەغدا سەرقاڵی ئامادەکردنی ئاڵا و پۆستەرن بۆ ئەوەی لە 3ی کانوونی دووەم بە گردبوونەوەیەکی گەورە، ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بکەنەوە، ڕێکخەرانی گردبوونەوەکە دەڵێن، ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی نەشڵەژێت.

ئاوێنە: محەممەد نەجم، بەڕێوەبەری نووسینگەی میدیایی حەشدی شەعبی رایگەیاندووه‌، "پێمانوایە دۆخی ئەمنی بە ئاسایی دەمێنێتەوە. هیچ مەترسییەک لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی نییە لە ماوەی ئەو گردبوونەوەیە. ئێمە هەوڵدەدەین پابەندی یاسا و رێسا ئەمنییەکانی عێراق بین بەپێی ئەوەی کە ئێمەش بەشێکین لە پێکهاتەی ئەمنی".

لە یەکێک لە پۆستەرەکاندا نووسراوە، "ئەمریکییەکان دەنگ بە تاوانکاری گەمژە دەدەن و جیهانیش بە دەست کاولکارییەکەیانەوە دەناڵێنێت"؛ چاوەڕێ دەکرێت لە گردبوونەوەکەدا درووشمی دژی ئەمریکا بەرزبکرێتەوە کە لە 3ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەو دوو فەرماندەیەی بە سێ مووشەکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت.

حەشدی شەعبی بە پێویستی دەزانێت گردبوونەوەکە رێکبخات. بەڕێوەبەری نووسینگەی میدیایی حەشدی شەعبی دەشڵێت، "ئەم گردبوونەوەیە بۆ دەربڕینی دەنگی گەلی عێراقە. هەروەها بەشێوەیەکی شیاو عێراق پیشاندەدات بەتایبەتیش کە ئەم عێراقە مەزنە ئەو وڵاتەیە کە بەرەنگاری تیرۆر بووەتەوە و بەسەر داعشی تیرۆریستدا سەرکەوت. بۆیە ئەم گردبوونەوەیە لە پێناو ئەو سەرکردانەیە کە بەسەر تیرۆری جیهانیدا سەرکەوتن".

هاوکات لە گۆڕەپان، شەقام و شوێنە گشتییەکانی تارانی پایتەختی ئێرانیش بە هەمان شێوە، وێنە و پۆستەر بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس هەڵواسراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×