ئاماری نوێی كۆرۆنا لەعێراق: لە 14 پارێزگا هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمارنەكراوە
  2021-01-02       368       

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی ئەوانەی لە كۆرۆنا چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی ڤایرۆسەكە بون و تەنها پێنج توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوەو لە 14 پارێزگا و دو ناوچەی بەغدا هیچ حاڵەتێكی مردن بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە. 

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، كەمێك لەمەوبەر، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 30 هەزار و 28 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان 840 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 929 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا تەنها پێنج توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوەو لە 14 پارێزگاو دو ناوچەی بەغدا هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا تۆمارنەكراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 597 هەزار و 33 كەس و لەوانە 12 هەزارو 829 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 541 هەزارو 746 كەسیان چاكبونەتەوەو 42 هەزارو 458 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 155 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×