کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی: ئەمڕۆ ناچینە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا
  2021-01-03       503       

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی لەمڕۆدا نایانەوێت بچنە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغداو ناشیانەوێت حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بروخێنن.

ئاوێنه‌: ئەبو حوسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەندامانی کەتیبەکانیان نایانەوێت لەمیانی خۆپیشاندان و ڕێرۆیشتنەکان کە وابڕیارە ئەمرۆ لە یادی ساڵرۆژی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەندامانی حەشدی شەعبی بەڕێوەبچن، بچنە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا.

ئەمینداری حزبوڵڵای عێراقی لەبەشێکی تری بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە کە وەک چۆن لەمرۆدا نایانەوێت بچنە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا، بەهەمان شێوە ناشیانەوێت حکوومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بروخێنن، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە سزای گوێبڕینی کازمی هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.

چەند رۆژێکە دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵیان گرتۆتەبەر و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادەکردووە کە رەنگە لە ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ڕووبدات، بەتایبەت کە وابڕیارە ئەمرۆ خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە لەبەغدای پایتەخت بۆ سەرکۆنەکردنی تیرۆرکردنیان بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×