ئەمەریكا رەتی كردەوە كەشتی فڕۆكە هەڵگری نیمیتیز لەكەنداو بكشێنێتەوە
  2021-01-04       474       
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، مانەوەی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس نیمیتز)ی لە ئاوەکانی کەنداودا راگەیاند، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمدواییەی ئێرانەوەیە، ئەمەش پاش ژمارەیەک راپۆرت کە پێشتر باسیان لەوە کردبوو، فڕۆکە هەڵگرەکە دەگەڕێتەوە بنکەکەی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاوێنه‌: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نیمیتز، لە ئاوەکانی کەنداودا لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی 2020ـەوە دەسووڕێتەوە، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا ئەم هەفتەیە ئاشکرایانکرد، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت، فەرمانی گەڕانەوەی کەشتییەکەی بۆ بنکەکەی خۆی لە ئەمریکا دەرکردووە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکردبوو، هەنگاوەکەی پێنتاگۆن وەکو ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی هەڵچوونەکان، کە ئاراستەی ئێران کراوە، بۆ خۆپاراستن لە هەر پێکدادانێک لە دوا رۆژەکانی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا.

پێچەوانەی پێشبینیی میدیای ئەمریکی، میلەر لە بڵاوکراوەیەکدا مانەوەی کەشتییە ئەمریکییەکەی لە ئاوەکانی کەنداودا راگەیاند، لە بڵاوکراوەکەدا رایگەیاندووە "بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئەم دواییە، کە سەرکردە ئێرانییەکان لە دژی سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ئەمریکا دەریانکردووە، فەرمانم دا بە مانەوەی فڕۆکەهەڵگری نیمیتز لە شوێنی ئێستای خۆی".

میلەر ئاماژەی بەوەش کردووە: "یو ئێس ئێس نیمیتز لە شوێنەکەی خۆی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەمێنێتەوە، تاوەکو هیچ کەس گومانی لە سووربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبێت".

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×