حكومەتی هەرێم: ساڵی رابردو زیاتر لە شەش ترلیۆن و نیو دینار دراوە بە موچە
  2021-01-09       436       

فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم دەڵێت: لە ساڵی 2020، حکومەتی هەرێم هەشت موچەی دابەشكردوە کە بەشێکی لەلایەن خۆی و بەشێكیشی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابینکراوە، کۆی گشتیی ئەو پارەیەش كە بۆ موچە دابەشكراوە زیاتر لە شەش ترلیۆن و 500 ملیار دینار بوە.

ئاوێنە: فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حكومەتی هەرێم، خشتەیەكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا ئەو موچانەو بڕی پارەی موچە بۆ ساڵی 2020 دەخاتەڕو.

بەپێی خشتەکە، ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی موچە دابینی کردوە، 63.8٪ـە و ئەوەی حکومەتی عێراقیش 36.1٪ـی کۆی گشتیی موچە بوە.

بەپێی خشتەكە كۆی گشتی پارەی ئەو موچانەی لەساڵی 2020 دابەشكراون شەش ترلیۆن و 505 ملیار و 988 ملیۆن و 307 هەزار و 176 دینار بوە كە زیاتر لە چوار ترلیۆن و 154 ملیارو 508 ملیۆن دیناری لەلایەن حكومەتی هەرێم و زیاتر لە دو ترلیۆن و 351 ملیارو 479 ملیۆنی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابینكراوە.

ئەوەش خراوەتەڕو كە، حکومەت لە 13ـی 1، 9ـی 2، 9ـی 3، 4ـی 5، 27ـی 6، 18ـی 8، 15ـی 10 و 3ـی 12 موچەی دابەشکردوە، واتا لە ساڵی 2020، هەشت موچەی داوە، بەڵام موچەی مانگەکانی: 4، 7، 9 و 11ـی دابەش نەکردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×