ئەردۆغان ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرت
  2021-01-14       517       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرت.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی توركی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەردۆغان، لەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی ناوەندیی بڕیاری حزبەكەی، بە هاوڕێیەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنەكە، چۆتە نەخۆشخانەی "شار" لە ئەنقەرەو ڤاكسینی "كۆرۆنا ڤاك"ی وەرگرتوە كە بەرهەمی كۆمپانیای سۆناڤاكی چینییە.

ئەردۆغان دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە، بە رۆژنامەنوسانی وت: تاوەكو ئێستا 254 هەزار كارمەندی تەندروستی لە چوارچێوەی هەڵمەتی كوتاندا، دۆزی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە.
وتیشی"مەبەستمانە تەواوی هاوڵاتیان لە كەمترین ماوەدا ڤاكسینەكە وەربگرن."

ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی بڕیاری ئاك پارتی، هاوڕێ لەگەڵ ئەردۆغاندا ڤاكسینەكەیان وەرگرت.

دوێنێ فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستی توركیا یەكەم دۆزی ڤاكسینەكەی وەرگرت، ئەوەش لەدوای ئەوەی دامەزراوەی دەرمانی توركیا رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینەكە دا.
ئەمڕۆش وەزارەتی تەندروستی توركیا دەستیكرد بە هەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینەكە لەنێو كارمەندانی تەندروستیدا.

كۆتایی مانگی رابردو، كاروانی یەكەمی ئەو ڤاكسینە گەیشتە توركیا كە لە وڵاتی چینی كڕی بو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×