موچەی بەشێك له‌ فەرمانبەران دەبڕدرێت
  2021-01-21       1201       
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە جێبەجێكردنی ڕاگرتنی مووچەی ئەو كەسانە دەكات، كە دوو مووچەیان هەیە.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵێكی میدیاكانی پارتی، گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن ژووری بایۆمەتریی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، لە ڕاگرتنی دوو مووچەیی ئاگادار كراونەتەوە.

لەو ئاگاداركردنەوەیەدا كە بۆ گەنجینەكان نێردراوە هاتووە، “ئاگاداری هەموو یەكەكان دەكەینەوە هەر نووسراوێكتان سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەن، یاخود دوو بایۆمەترییان هەیە، بۆ هاتووە، مووچەكانیان ڕابگرن”.

لە بەشێكی دیكەی ئاگادارییەكەدا باس لەوەش كراوە: “پێتان ڕادەگەیەنین، هەر كەسێك كە پشتگیری لەلایەن بایۆمەتریی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێدراوە، كە مووچەیەكی بڕاوە و مووچەی لە فەرمانگەكەی بدرێتێ، لەسەر هەمان پشتگیریی كۆن مووچەكەیان بۆ خەرج بكرێ و نەبڕن، هەر كەسێكیش پشتگیری بۆ نەكراوە، یەكەی ژمێریارییەكە خۆی سەردانی هۆبەی مووچەی بایۆمەتری بكات، بە مەبەستی ڕوونكردنەوە، تكایە فەرمانبەرەكان بەهیچ شێوەیەك بۆ ژووری مووچە مەنێرن، چونكە كارەكانیان بۆ ڕایی ناكرێ”.

لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی مووچەی 10 هەزار و 609 مووچەخۆری ڕاگرت، كە دوو مووچەیان هەبوو
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×