په‌رله‌مانتارێكى عیراق: كۆمپانیایه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری هاوڵاتیان ده‌بات
  2021-01-23       708       

په‌رله‌مانتارێكى عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمپانیایه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری هاوڵاتیانی عێراقی ده‌بات و هه‌ڵدێت، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد به‌شێكى زۆر له‌و هاوڵاتیانه‌ش سكاڵایان له‌ بنكه‌كانی پۆلیس تۆماركردووه‌.

ئاوێنه‌:  عالیه‌ نوسێف، په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڕایگه‌یاند، كۆمپانیایه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری هاوڵاتیانی عێراقی ده‌بات و هه‌ڵدێت،  ئه‌و كۆمپانیایه‌ سویسریه‌ له‌ ساڵی 2016، هاتۆ‌ته‌ عێراق، به‌ناوی كاری وه‌به‌رهێنانی ئه‌لیكترۆنی و ساڵی 2018 ده‌ستی به‌كاركردن كردووه‌، خه‌ڵكێكی زۆری بۆخۆی راكێشاوه‌، كۆمپانیاكه‌ به‌ به‌شداربووانی وتووه‌ كه‌ ده‌توانن پاره‌ به‌ سوودی 6% بۆ7% بده‌ن به‌ كۆمپانیاكه‌، دواتریش هه‌موو پاره‌كه‌یان وه‌ردەگرنه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هاوڵاتیانی عێراق به‌شدارییه‌كی زۆریان كردووه‌، له‌رێگه‌ى یه‌كتره‌وه‌ هاوڵاتیان بۆناو كۆمپانیاكه‌ راكێشاوه‌، به‌وجۆره‌ش پاره‌یه‌كی زۆریان داوه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار.

به‌پێى زانیاریه‌كان، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌ بیانووی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاره‌كانی راگرتووه‌‌، ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌م كۆمپانیایه‌ی هێناوه‌ته‌ عێراق، كه‌سێكه‌ به‌ناوی فه‌وزی ئه‌كره‌ملی ده‌راغ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری راسپێردراوی كۆمپانیاكه‌ بووه،‌ خۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق كاری كردووه‌، ئێستا رایكردووه‌ بۆ توركیا و له‌وێ نیشته‌جێ بووه‌، له‌ئێستاشدا به‌هۆى نه‌مانى پاره‌كانیان، سكاڵایه‌كی زۆر له‌ بنكه‌كانی پۆلیس له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ تۆماركراوه.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×