لە بەغدا حەشدێکی نوێ دادەمەزرێت، خۆبەخشانەیە و شەقام و باخچە و گۆڕەپانە گشتییەکان نۆژه‌نده‌كه‌نه‌وه‌
  2021-02-06       481       

لە بەغدا حەشدێکی نوێ دادەمەزرێت، کە لە دوو وەزارەت و ئەمینداریەتیی بەغدا و هێزی حەشدی شەعبی پێکدێت، به‌وته‌ی‌ ئەندامێکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراقیش" ئه‌ركی‌ ئه‌و حه‌شده‌ جیاواز له‌وانی‌ دیكه‌ دابینکردنی زۆرترین کارگەکەی قیر دروستكردنه‌ بە هەڵمەتێکی فراوانی قیرتاوکردن".

ئاوێنه‌: جاسم بخاتی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی حەشدێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانی لە بەغدا دروستبکرێت، لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پیشەسازی، ئەمینداریەتیی بەغدا و حەشدی شەعبی.

ئەندامەکەی لیژنەی خزمەتگوزاری ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەرکی ئەو حەشدە، دابینکردنی زۆرترین کارگەی قیر و دەستکردنە بە هەڵمەتێکی فراوانی قیرتاوکردنی ناوچەیەکی فراوانە کە لەلایەن وەزارەتی پلادانان دانراوە و لەگەڵ شەقامە سەرەکییەکانی بەغدا.  

جاسم بخاتی ڕاشیگەیاندووە، ئەمینداریەتیی بەغدا لە هەموو ناوچەکانی بەغدا دەستی بە هەنگاوەکان کردووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی رێگە و بانەکان و دۆخی خزمەتگوزاریی پارێزگاکە.

ئاشكراشیكردووه‌، پارێزگای بەغدا نزیکەی 400 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، کە 70%یان بۆ تەواوکردنی پرۆژە وەستاوەکانە، 30٪ دیکە بۆ پەرەپێدانی رێگە و بانەکانە لە دەورووبەری بەغدا و ناوچەکان کشتوکاڵییەکان. 

هاوكات نیعمە کوفی، بەڕێوەبەری ئەندازەی سەربازیی حەشدی شەعبی رایگەیاندووه‌، کە قۆناخی سێیەمی هەڵمەتی خزمەتگوزاریی "پایتەختەکەمان" دەست پێکردووە، کە خۆبەخشانەیە و شەقام و باخچە و گۆڕەپانە گشتییەکانی کەرخ و رەسافەی بەغدا خزمەت دەکرێن و نۆژەن دەکرێنەوە. 

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌روو، پێشتر لە دوو قۆناغی دیکەی هەڵمەتەکەدا رێڕەوە ئاوییەکانی بەشێک کۆڵان و شەقامەکانی بەغدایان پاککردبووەوە.

حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 پاڵپشت بە فتوایەکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دامەزرا، بەمەبەستی رووبەڕبوونەوەی داعش، دواتر لە پەرلەمان یاسای بۆ دەرکرا، بووە هێزێکی فەرمی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×