خامنەیی: گەمارۆکانمان لەسەر هەڵگرن، دەگەرێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ
  2021-02-07       568       

خامنەیی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران کاتێک دەگەرێتەوە بۆ گفتوگۆ کە هەنگاوەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بە کردەیی بن، نەک تەنها بە قسە و نوسراو ناکرێت. 

ئاوێنه‌: لە کۆبوونەوەیەکدا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئێران کاتێک دەگەرێتەوە بۆ گفتوگۆ کە هەنگاوەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بە کردەیی بن و تەنها بە قسە و نوسراو ناکرێت. 

بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، ئەمرۆ یەکشەممە 7ى شوباتى2021، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، دەبێت ئەمریکا هەموو گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵگرێت پاشان دەگەرێینەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران کاتێک دەگەرێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کە هەڵگرتنی گەمارۆکان بە کردەیی بن، نەک تەنها بە قسە و نووسراو بن، ئەوەش سیاسەتی نەگۆڕی ئێرانە و هەموو بەرپرسانی ئێران لەو بابەتە رازین و هیچ کەسێک ناتوانێت سەرپێچی لەو بڕیارە بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خامنەیی دەڵێت، "یەكێک لە هەڵە گەورەکان ئەوەیە لە هێزی دووژمنەکانمان بترسین، یان پشتیان پێ ببەستین لە بواری سیاسەت و ئابووری".

هاوکات لەبارەی رووداوەکانی مانگی رابردووی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، "لێکۆڵەرە سیاسییەکان و رووداوەکانی ئەم دواییە گەواهیدەری ئەوەن کە سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئەمریکا لە ناوەوە گەنیوە".


رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەشڵێت، لە واقیعدا ئەوان ناتوانن هیچ مەرجێک لەسەر ئێران دانێن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، چونکە تەنها بۆ ماوەیەکی کەم گەمارۆکانیان هەڵگرت، دواتر بە شێوەیەکی تووندتر گەراندیانەوە.

لە پاش هاتنی جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دەنگۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەستی پێکردۆتەوە. 

ئەمریکا ئێران تاوانبار دەکات بەوەی کە پیتاندنی یۆرانیۆم و چالاکییە ئەتۆمییەکانی زیادکردووە، هەرچی ئێرانە، جەخت دەکاتەوە لەوەی مەرجی سەرەکیان لابردنی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەیە.

هەروەها پەرلەمانی ئەو وڵاتە 21ی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ ئەمریکا داناوە، بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو وادەیە حکومەتی ئەو وڵاتە رێگەی تووندتر لە ئاست دۆسیەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و تیمی لێکۆڵەرانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگرێتەبەر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×