٥٤ سیناتۆری ئەمەریکی داوا لە بایدن دەکەن گوشار بخاتەسەر تورکیا
  2021-02-10       1331       

لە نامەیەکدا کە ٥٤ ئەندامی ئەنجومەنی پیران بۆ سەرۆکی ئەمەریکایان ناردووە، داوا دەکەن ئیدارەی بایدن لەسەر پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیادا بێدەنگ نەبێت.

ئاوێنە: ماڵپەڕی (دۆیچە ڤەلە)ی تورکی: ٥٤ سیناتۆۆری ئەمەریکا لە نامەیەکی کراوەدا کە بۆ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکایان ناردووە، بە توندی رەخنە لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەلاتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەگرن و دەڵێن: "ئەردۆغان بەشێوەیەکی سیستماتیک دەزگا میدیاییەکانی بێدەنگ کردووە یاخود کردوونی بە بەشێک لە رژێمەکەی، دادوەرە سەربەخۆکانی لەسەر کار لابردووەو کەسانی سەر بە حیزبەکەی خۆی لە شوێنیان داناوەو ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ناڕازی و رۆژنامەنووسی لە زیندان توند کردووە ".

نووسەرانی نامەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان رۆژبەڕۆژ زیاتر شێوازێکی شەڕەنگێزانە دەگرێت. "تورکیا پەلاماری ئەو کوردانەدەدات کە لەگەڵ ئەمەریکادا شەڕی (داعش)یان کردووە، سەرباری هۆشدارییەکانیش سیستمی موشەکیی (ئێس ٤٠٠)ی لە رووسیا کڕیوە کە لەگەڵ سیستمی بەرگریی ناتۆدا نایەتەوە، لە کێشەی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا هانی شەڕهەڵگیرسانی داوە لەبری چارەسەری سیاسی".

لە نامەکەدا داوا لە ئیدارەی بایدن کراوە جەخت لەوە بکاتەوە کە دەبێ ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەست لە گوشارەکانیان لەسەر ناڕازییان لە ناوخۆو دەرەوەی تورکیا هەڵگرن، زیندانە سیاسییەکان ئازاد بکەن و واز لە سیاسەتی خۆسەپاندن بێنن.
سیناتۆرەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، لەو رووەوە کە تورکیا "هاوپەیمانێکی گرنگی" ئەمەریکایە، ئەمەریکا دەرفەتی ئەوەی هەیە کاریگەریی لەسەر فایلی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا هەبیت.

تورکیا بە یەکێک لەو وڵاتاند دادنرێت کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری لە زیندانەکان توند کردووە. بەشی هەرە زۆری زیندانییەکانیش رۆنامەنووس و چالاکوان و سیاسەتمەداری کوردو دیموکرات و ئازادیخوازەکانی ئەو وڵاتەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×