باوكی ئامانج بابانی: ئەگەرچی ڕەخنەش لە بڕیاری دادوەر ھەبێت، بەڵام ڕەخنە و گلەیی ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت
  2021-02-18       1429       
باوكی ئامانج بابانی، یەكێك لەو رۆژنامەنووسانەی لە شاری سلێمانیدا كوژرا، رەخنە لە چالاكوانان دەگرێت، ئه‌و ده‌ڵێت ''ڕەخنە و گلەیی ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت''.

ئاوێنه‌: محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی بە میدیایه‌كی پارتی  ڕاگەیاند، بە بڕیاری دادوەر، کەیسی ئامانج بابانی و لانەی ھاوژینی و منداڵەکەی داخرا، ”ئەگەرچی ڕەخنەشم لە بڕیارەکەی دادوەر ھەبێت، بەڵام ڕەخنە و گلەیی ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت“.

ئەوە دووپاتی كردەوە كە ”ئامانجی كوڕم كەسێكی بێدەنگ و لەسەرخۆ بوو، لە ژیانیدا زیانی بۆ كەس نەبووە، ھەروەھا ھاوڕێی میدیاكارانی سلێمانی و چالاکوانەکان بووە، دەبوایە ئەو میدیاكار و  چالاکوانانەی سلێمانی لەسەر دۆسیەی ئامانجی کوڕم بێدەنگ نەبوونایە، بۆ ئەوەی دۆسییەکەی وا بە زوویی دانەخرێت“.

باوكی ئامانج بابانی  دەڵێت: ”ئەو چالاکوانانەی لەسەر دۆسییە جیاوازەکان کەمپین دەکەن، ڕەنگە نەتوانن ڕاستییەکان بڵێن و بە دووری نازانم بیانجووڵێنن، ئەگەر وانەبوایە پێویست بوو ئەوان لەسەر کەیسەکەی ئامانج بابانییش، ھەڵوێستیان ھەبوایە، كەچی بێدەنگ بوون“.

دادگای سلێمانی تەنیا دوای ماوەیەكی كەم لە دوای كوشتنی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی، بڕیاری داخستنی دۆسیەكەی دا بەو پاساوەی كە ئامانج بابانی بە بكوژی خۆی و خانەوادەكەی دانرا، بەڵام دواتر بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە دادگای سلێمانی پەلەی لە بڕیارەكەی كردووە بەو هۆیەی كە لە كۆی ١١ قەوان كە لەنێو ئۆتۆمبێلی قوربانییەكاندا دۆزراوەتەوە، تەنیا حەوت فیشەكیان لە دەمانچەكەی ئامانج بابانییەوە تەقێندراوە و چوار قەوان هەن كە لە دەمانچەیەكی دیكەوە تەقێندراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×