تەندروستیی ئێران: لەسەر سنووری عێراق و ئێران کڕین و فرۆشتن بە تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا دەکرێت
  2021-02-21       780       
بەرپرسێکی تەندروستیی ئێران رایدەگەیه‌نێت، لەسەر سنووری عێراق و ئێران لە پارێزگای خوزستان، کڕین و فرۆشتن بە تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا دەکرێت.

ئاوێنە: فەرهاد ئیبول نژادیان، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئەهواز رایگەیاند، لەسەر سنووری ئێران و عێراق، تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا مامەڵەی پێوە دەکرێت و لەسەر سنوورەکانی نێوان پارێزگای خوزستان و عێراقدا، 1 ملیۆن و 500 هەزار بەڵگەی تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە. بەو هۆیەوە سنوورەکانیان لەگەڵ عێراق داخستووە.

سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئەهواز گومانی لە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هەیە و دەڵێت: "ژمارەی راگەیێندراوی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆنا، لە عێراق راست نییە و مەزندە دەکرێت ئەو ئامارە چوار هێندەی ئەو ئامارە بێت کە راگەیه‌ندراوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تائێستا 664,750 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 13,245 کەس گیانیان لەدەستداوە و 616,507 تووشبووش چاکبوونەتەوە.

کۆرۆنای گۆڕاو، کە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە لە ئێران و دواتریش عێراق تۆمارکراوە، ئەو بەرپرسەی تەندروستیی ئێران دەڵێت کۆڕۆنا گۆڕاوەکە لە عێراقەوە بۆ ئێران گوزاروەتەوە.

نژادیان وتی: "هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای خوزستان بەهۆی سەردانی گەشتیارێکی هۆڵەند و خێزانێکی عێراقی دانیشتووی بەریتانیا بوو بۆ ئەو پارێزگایە".

بەوتەی ئیبول نژاد، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای خوزستان، 11 شاری ئەو پارێزگایەی خستووەتە دۆخی سوور و مەترسیدارەوە و رێژەی تووشبووانی تەمەن 6 بۆ 14 ساڵی دوو هێندە کردووە. تائێستا 2 منداڵ کە یەکیان کچێکی تەمەن 9 ساڵ بووە، لە پارێزگای خوزستان بە کۆرۆنای گۆڕاو گیانیان لەدەستداوە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×