عەلى باپیر: بە لابردنى پاشگرى ئیسلامى نێوانێکی خۆمان و کۆمەڵگەمان لابرد
  2021-02-24       894       

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، بە لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی کۆمەڵ نێوانێکیان لەنێوان خۆیان و کۆمەڵگە لابردوە، دەشڵێت"یەکێک لە حیکمەتەکانى تر بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان."

ئاوێنە: عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای رەسمی حزبەكەیدا، رایگەیاند، گۆڕینی ناوی حزبەکە مانای گۆڕینی ناوەڕۆک نییەو ئاماژەی بەوەشكرد"ئەوەمان نەهێشتوە خۆمان لە موسوڵمانان جیا بکەینەوە، حیکمەتێکى ترى بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان" و وتوشیەتی، بۆیە کردویانە بە دادگەری چونکە ئیسلام بۆ چەسپاندنی دادگەریی هاتوە.

عەلی باپیر وتوشیەتی"پێش ئەوەى خۆمان بیر لە گۆڕینى ناوى ئەمیر و کۆمەڵ بکەینەوە، بەپێی یاسای کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق نابێت ناوى کەسى یەکەمى حزب "ئەمیر" بێت و ئاڵاکەمان کە شایەتومانى تێدا نوسراوە، داوایان کردوە کە تێیدا نەبێت بۆ ئەوەى وەک موزایەدەى ئیسلامى سەیر نەکرێت"، راشیگەیاندوە"لە سەردەمى خەلیفەکانى راشدینیشدا ناو گۆڕین هەبوە و "جێنشینى پێغەمبەر" گۆڕدراوە بۆ "أمیر المؤمنین" و دواتريش لەسەردەمى عوسمانیەکاندا بوە بە سوڵتان."

ئەوەشی خستوەتەڕو"ئەمە واتاى ئەوە نییە لە داهاتودا کەسێک دەبینین کە موسڵمان و ئیماندار نەبێت و لە ریزەکانى سەرکردایەتیدا بێت، بەڵام مەمنونى هەرکەسێکى تر دەبین کە پشتیوان و هاوکارمان بێت."

رۆژی  ١٩ی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی کۆنگرەی چواره‌می کۆمەڵی ئیسلامییدا، ئەندامانی کۆنگرە به‌ زۆرینه‌، دەنگیاندا بە گۆڕینی‌ ناوی حزبەکە لە (کۆمەڵی ئیسلامی)یەوە بۆ (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان.)

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×