مەترسی پاشەکشەی ئابوری و بازرگانی و کشتوکاڵ لە سلێمانی هەیە
  2021-03-07       773       
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی مەترسی پاشەکشەی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانی دەکات لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

ئاوێنە - زریان محەمەد: سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند "لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو کارە بازرگانی و پیشەسازی و ئابوریەکان راوەستاوە، هەمو گلەی و نارەزایەتیەکانمان گەیاندۆتە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادارمان کردونەتەوە لەوەی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی بەرەو دواوە دەگەرێتەوە ئەگەر پشتیوانی تەواوی کەرتەکان نەکرێت".

راشیگەیاند "ئەو شارە پیشەسازیانەی کە داندراوە بۆ شاری سلێمانی هیچیان نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، نە لەلایەن حکومەتەوە نە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانەوە کە دەبوو چەندین ناوچەی پیشەسازی هەبوایە لەناو شاری سلێمانی تا بە ئازادانە بمانتوانیایە کارگە دابمەزرێنین ئەمەش دەبوە دەرفەتێکی گەورە بۆ هەلی کار و بەرهەمی ناوخۆی".

ئاماژەی بەوەشدا تێپەراندنی یاسای ژمارە یانزە لەلایەن پەرلەمانەوە کە پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆی دەکات زۆر گرنگە کە چەندین جار داوامانکردووە، بەڵام حکومەت و پەرلەمان تائێستا وەڵامی نەداوینەتەوە.

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی نیگەرانە لە بەشدارینەکردنی کەرتی تایبەت لەکاتی کۆبونەوەکانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و بەغداد، سیروان محەمەد وتی "ئەو شاندەی حکومەتی بەغداد لە سەرئاستی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەردانی هەرێمیان کرد و کۆبونەوە، وە پاشان گەرانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە سەرئاستی وەزارەتی بازرگانی نوێنەری کەرتی تایبەت بەشداری پێنەکراوە کەدەبوایە پرس و راوێژ بکرایە و بەشداربویایە".


وتیشی "زۆرێک لە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەکانمان دەچنە دەرەوەی هەرێم کاردەکان چونکە ووڵاتانی دراوسێ فەرشی سور بۆ وەبەرهێنەکانیان دادەخەن، ئێمە فەرشی سورمان ناوێت تەنها چارەسەری کێشەو گرفتەکانمان دەوێت بۆ ئەوەی بتوانین هەموان پێکەوە بەرهەمی ناوخۆ و دەرفەتی کارکردن زۆربکەین".

ئەم وتانەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکاتی پێشکەشکردنی وتەیکدا بۆ بازرگانان و خاون کاراندابوو لە دیداری فستیڤاڵی بەهار .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×