پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی پەسەندكرد
  2021-03-18       1082       

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردو تێیدا بەهۆی نەبونی نیسابی پێویست بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسا نوێیەكەی دادگای فیدراڵی، بەزۆرینەی دەنگ هەمواری یەكەمی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی پەسەندكرا.

ئاوێنە: كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 208 پەرلەمانتار دەستی پێكرد كە ئەو رێژەیەش كەمترە لە دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان كە پێویست بو بۆ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسا نوێیەكەی دادگای باڵای فیدراڵی.

بەپێی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، لەكۆبونەوەكەدا بەزۆرینەی دەنگ، هەمواری یەكەم(فەرمانی ژمارە 30ی ساڵی 2005)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی پەسەندكراوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی و پێكهاتەكان بایكۆتی دانیشتنەكەی پەرلەمانیان كردبو.

بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنەكەی پەرلەمان، عودەی شەعلان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی بەدر، لە لێدوانێكدا بۆ سومەریە نیوز رایگەیاندبو، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و  فراكسیۆنەكاندا، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا لەبارەی پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵییەوە، ئەگەر دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەكە بون دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت و ئەگەریش زۆرینەی سادە ئامادەبون ئەوا هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی بۆ ساڵی 2005، بخرێتە دەنگدانەوە.

كەمێك لەمەوبەریش پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكەی هەڵگرت بۆ سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی سبەی هەینی بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×