ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بودجە دەدات
  2021-03-19       546       

بڕیارە، سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێوەبچێت. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، كۆبونەوەیەك بۆ یەكلاییكردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجەكەدا دەكرێت كە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە.

ئاوێنە: ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێوەدەچێت.

درەنگانی شەوی رابردوش كۆبونەوەیەك لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێوەچو.

دوای كۆبونەوەكە، موسەننا سەمەڕائی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كۆبونەوەكەی بە "گرنگ" ناوبرد بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی دەركردنی یاسای بودجە.

موسەننا سەمەڕائی ئەوەشی خستەڕو كە بودجەكە ئامادەیە بۆ دەنگدان و تەنها یەك بڕگەی نەبێت كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستانەوەو هێشتا پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لیژنەكەیان بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، كۆبونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدات وەك دوا هەوڵ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی لەبارەی بڕگەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستانەوە هەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×