هۆكاری‌ دابه‌زینی‌ بەهای دۆلار ئاشكرا ده‌كرێت
  2021-03-23       1876       
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری‌ عێراقی‌ دابه‌زینی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌‌و شارەزایه‌كی ئابوری-یش هۆكاره‌كه‌ی‌ ئاشكرا ده‌كات.

ئاوێنه‌: له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پرۆه‌ژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق‌و لێدوانی‌ جیاوازی‌ په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر به‌های‌ دۆلار به‌رامبه‌ر دینار، چه‌ند ڕۆژێكه‌ بازارەکانی دراو لەعێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان بەقۆناغێکی ناجێگیردا تێپەڕدەبن، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێوارەی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لەنێوان 142 هه‌زار دینار بۆ 142 هه‌زارو 500 دینار مامەڵەی پێوە كرا، لەکاتێکدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بە 145 هه‌زارو 659 دینار مامەڵە پێوەدەکرا.

له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ دابه‌زینی‌ به‌های‌ دۆلار به‌رامبه‌ر دینار، جەبار گۆران، شارەزای ئابوری‌و وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی‌ دراوه‌كان له‌سلێمانی ده‌ڵێت، هۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی بەهای دینار بۆ زیادبونی خستنەڕوی دۆلار لەبانکی ناوەندی عێراق دەگەڕیتەوە کە ئەمڕۆ 96 ملیۆن‌و 525 هەزار دۆلاری خستووەتەڕو، دوێنێش 94 ملیۆن‌و 794 هەزار دۆلاری خستووەتەڕو.

ناوبراو هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی بەهای دینار، بۆ لێدوانە جیاوازەکانی پەرلەمانتاران لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار بۆ ئاستی 1300 دینار بەرامبەر دۆلارێك گه‌ڕانده‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، بە شێوەیەکی ئاسایی لەکۆتایی هەموو مانگێك بانکەکان دۆلار دەفرۆشن، بۆ ئەوەی دیناریان دەست بکەوێت، تاوه‌كو موچەی پێ دابین بکەن.

جەبار گۆران رونیشیكرده‌وه‌، لەئەگەری دابەزاندنی بەهای دۆلارێك بۆ ئاستی 1300 دینار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، ئەوا بێ متمانەیی بەبانکی ناوەندی و سیستەمی دارایی عێراق زیاتر دەبێت، ئەگەری هەیە لەرۆژێکدا بەهای 100 دۆلار لەنێوان چەند هەزارێك مامەڵەی پێوەبکرێت، هەروەها بازاڕەکان زیاتر دەشێوێن و نرخەکان هەڵبەزو دابەزی زیاتر دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×