عێراق داوای پارە بلۆككراوەكانی لە فەرەنسا دەكاتەوە
  2021-03-24       622       

حكومەتی عێراق داوا لە حكومەتی فەرەنسا دەكات دەست لە پارە بلۆككراوەكانی بەغدا لەوڵاتەكەی هەڵبگرێت و بیانگێڕێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سالار عەبدولستار، وەزیری داد پێشوازی كردوە لە برۆنۆ ئۆبیر، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق.

بەگوێرەی بەیاننامەكە، لەكۆبونەوەكەدا هەردو لا تاوتوێی دەستهەڵگرتنی فەرەنسایان لەو پارانەی عێراق كردوە كە لەلایەن حكومەتی پاریسەوە بلۆككراون، ئەوەش لەسایەی بونی بڕیارێكی ئەنجدومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەستبەرداربونی لە بلۆككردنی ئەو پارانە.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەكە وەزیری دادی عێراق داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كردوە دەستبەرداری بلۆككردنی ئەو پارانەی عیراق ببن و بیانگێڕنەوە.

لەلای خۆیشییەوە باڵیۆزی فەرەنسا رایگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ حكومەتی وڵاتەكەی دەكات.

بەیاننامەكە هیچ ئاماژەیەكی بەبڕی پارە بلۆككراوەكانی عێراق لە فەرەنسا نەكردوە.

بەپێی قسەی فەرمانگەی گەڕانەوەی پارەكانی عێراق لە دەستەی نەزاهە، پارەی بلۆككراوی عێراق لە 55 وڵاتی جیهان زیاتر لە 87 ملیار دۆلارە.

ئەو پارانەی عێراق لەدوای شەڕی كوەیت، بە هەردو بڕیاری 660 و 661ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بلۆك كران.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×