لە بەریتانیا حەوت كەس دوای وەرگرتنی ڤاكسینی "ئەسترازێنیکا" گیانیان لەدەستدا
  2021-04-03       810       

ئاژانسی دەرمان و چاودێری بەرهەمە تەندروستییەكانی بەریتانیا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، حەوت كەس دوای وەرگرتنی ڤاكسینی ئەسترازێنیکا لەو وڵاتە، بەشێوەیەكی نائاسایی توشی مەیینی خوێن بون و بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: كەناڵی بی بی سی لەزاری ئاژانسی دەرمان و چاودێری بەرهەمە تەندروستییەكانی بەریتانیاوە بڵاویكردەوە، حەوت كەس لەوانەی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسینی ئەسترازێنیكا توشی مەیینی خوێن بون، گیانیان لەدەستداوە.

لە بەریتانیا تاوەكو 24ی مانگی رابردو لەكۆی 18 ملیۆن كەس كە ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە، 30 كەس توشی مەیینی خوێن بون.

هێشتا ئەوە رون نەبۆتەوە كە توشبون بە مەیینی خوێن لەو كەسانەدا بەهۆی كاریگەری لاوەكی ڤاكسینەكەوەیە.

ئاژانسی دەرمان و چاودێری بەرهەمە تەندروستییەكانی بەریتانیا رایگەیاندوە، هێشتا سودەكانی ڤاكسینەكە زۆر زیاترە لە هەر مەترسییەك.

لە چەند وڵاتێك لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەنداو كەنەدا، بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازێنیكا ترسی دروست كردوەو ئەو وڵاتە بەكارهێنانی ڤاكسینەكەیان تەنها بۆ گەورە ساڵان سنورداركردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×