پێنج بەرپرسی باڵای پارتی تووشی كۆرۆنا بوون
  2021-04-04       1314       
تادێت ژمارەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە هەڵكشان دەكات و ئەمەش بە شەپۆلێكی نوێی مەترسیدار ناو دەبرێت، بۆیە ڕێوشوێنەكان توندتر دەكرێنەوە، هاوكات تووشوونی پێنج ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە كۆرۆنا ڕاگەیەنرا.

ئاوێنە: عەلی حسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەر یەك لە ئازاد بەرواری، ڕێبوار یەڵدا، مەحمود محەمەد، كەریم شەنگالی و زەعیم عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون.

وتیشی”دۆخی تەندروستی هەموویان جێگیرە و بەرەو باشبوونەوە دەڕۆن”.

دوێنێ ڕەمزی شەعبان ئەندامی سەركرایەتی پارتی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە دەرەوەی وڵات كۆچی دوایی كرد.

هاوكات ئازاد موستەفا بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، بەستنی دەمامكیان كردووە بە ناچاری و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت.

وتیشی”بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیش ڕاسپێردراون كە بڕیارەكە جێبەجێ بكەن و هەر فەرمانبەرێك نەیبەستێت بە نائامادەبوو هەژمار دەكرێن”.
لەلایەكیترەوە ئەمڕۆ لە شاری سێمانی مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتوچۆ لە شەقامەكان بڵاوەیان پێكرا بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی سەرنشینیان لەگەڵدایە و دەمامك نابەستن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنەكانی توندتر كردووەتەوە لەسەرەتای ئەم هەفتەیە و بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئامارەكانی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×