عومەر سەید عەلی: دەبێت هەوڵی جدی بدرێت بۆ نەهێشتنی پاشەکەوتی موچە
  2021-04-04       573       

عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لە پێوستی کۆتایهێنان بە پاشەکەوتی موچە دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی عێراق، دەبێت هەوڵی جدی بدرێت بۆ نەهێشتنی پاشەکەوتی موچەو دابەشکردنی لە وادەی خۆیدا.

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەڕی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبونی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی قەزای شارباژێڕی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵسوڕاوانی ئەنجومەنی قەزایی شارباژێر و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی سنورەکە بەڕێوەچو.

لە کۆبونەوەکەدا عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی عێراق پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی پاشەکەوتی موچە و دابەشکردنی لە وادەی خۆیدا، ئەوەش بە ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی قاچاخچییەتی لە خاڵە سنورییەکان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت دەبێت، وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمو هەوڵێکی تیمەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان بەو ئاڕاستەیەدا دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

لە بارەی ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، عومەر سەید عەلی وتی: هەمو هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت و ئەوەش دەبێتە هۆی نوێبونەوە و رێکخستنەوە و پێداچونەوەی هەیکەلی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×