2021-04-05   1121     
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پیاوێک لە پارێزگای ئەهوازی ئەو وڵاتە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە، چوار ئەندامی بنەماڵەی ژنی یەکەم و چوار ئەندامی بنەماڵەی ژنی دووەمی بە چەک کوشتووە، دواتریش خۆی کوشتووە.
ئاوێنه: لەوبارەیەوە، جەمال عالەمی نیسی قائیمقامی ئەهواز بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دوای کوشتنی چوار ئەندامی بنەماڵەی ژنی یەکەمی، پیاوەکە چووە بۆ شارۆچکەی کارون و لەوێش باوک و دایک و منداڵ و برازایەکی ژنی دووەمی کوشتووە.
دەشڵێت، پاش کوشتنی ئەو هەشت کەسە، پیاوەکە خۆیشی کوشتووە و لە ئێستادا لیکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
قائیمقامی ئەهواز باسی لەوەشکردووە، كە ئەو کەسە پێشینەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانی هەبووە و دانیشتووی ناوچەی زەرگانی ئەهواز بووە.