2021-04-06   697     
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕهتیدهكاتهوه وشکەساڵی لەھەرێم دروستبوبێت، بهوتهی ئهو، "دەکرێ بڵێم وشکەساڵییەکی ڕێژەیی ھەیە بۆ ئەمساڵ".
ئاوێنه: حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووه، "ھێشتا وشکەساڵی بەتەواوەتی ڕوی نەداوە لەھەرێمی کوردستان، بەڵام لەھەندێ ناوچە نیشانەکانی وشکەساڵی ھەن، چونکە ناوچە تا ناوچەیەکی دیکە جیاوازیی ھەیە، دەکرێ بڵێم وشکەساڵییەکی ڕێژەیی ھەیە بۆ ئەمساڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ کۆبووەتەوە لەبارەی پرسی وشکەساڵی و بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکەی ڕاوێژکاری بکرێت."
ناوبراو دهڵێت، "ژمارەیەک پێشنیار ئامادەکراون بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تا بتوانین لەزیانەکانی وشکەساڵی کەم بکەینەوە، لەوانەش گلدانەوەی ئاو لەھەندێ ناوچەو قەرەبوکردنەوەی جوتیاران."
حوسێن حەمە کەریم ئهوهش دهخاتهڕو كه "حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی دەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی وشکەساڵی و لەکۆبونەوەی داھاتو پێشنیارەکانی خۆمان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، چونکە بابەتی وشکەساڵی پێویستی بەپێداچونەوەی ورد ھەیە."