لاهور شێخ جه‌نگی‌: هانی هەمو لایەنەکان دەدەین کۆتایی بەململانێ کەسیی‌و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن
  2021-04-06       1158       
لاهور شێخ جه‌نگی
لاهور شێخ جه‌نگی‌ ده‌ڵێت، "هانی هەمو لایەنەکان دەدەین کە کۆتایی بەململانێ کەسیی‌و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن‌و پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانی میللەتەکەمان‌و ژیانێکی شایستەو خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین." 

ئاوێنه‌: له‌ساڵیادی‌ هەڵبژاردنی مام جەلال بەسەرۆککۆماری عێراق، لاهور شێخ جه‌نگی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "ئێمە لەیەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەڵێن دوپاتدەکەینەوە کە  بیروباوەڕە نەگۆڕەکانی مام دەکەینە پلان‌و بەرنامەو هەنگاوەکانی کارکردنی سیاسیمان، ئێستاش لەهەمو کات زیاتر پێویستمان بەسیاسەت‌و ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلالە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هانی هەمو لایەنەکان دەدەین کە کۆتایی بەململانێ کەسی‌و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن‌و پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانی میللەتەکەمان‌و ژیانێکی شایستەو خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین."


ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ لاهور شێخ جه‌نگی‌:


ئەمڕۆ شانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کە ئەو ڕووداوە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسیی عێراقی دوای دیکتاتۆری، بۆ گەلی کوردیش دەستکەوتێکی گرنگ بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کوردێکی سیاسەتمەدار و مامۆستا و خەباتگێڕ و دیپلۆمات و شارەزا بە هەڵبژاردنێکی ئازادانە ببێت بە سەرۆككۆماری عێراق. مامی گەورەمان بە حیکمەت و دانایی و پشوودرێژییەکەی سەرکەوتن و دەستکەوتی زۆری پێشکەش بە گەلەکەی کرد بە کورد و عەرەبەوە، توانی ببێتە نوێنەر و پارێزەری هەموو پێکهاتەکان، چەتری کۆکەرەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەکان، پارێزەری دەستوور بوو، هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیی و تەبایی و سەقامگیری و پێکەوەژیان بوو، دیموکراسی و فیدراڵی کردە ناسنامەی عێراقی نوێ، هەر بۆیە نازناوی (صمام اڵ‌مان)ـی لێنرا. 
لە ناوخۆشدا لەگەڵ یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان بوو، دەستی هاوکاری و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان ڕادەکێشا، هەمیشە کاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکرد لە بەغدا، ئەو کاتەی مام سەرۆککۆمار بوو هەرێمی کوردستان گەشانەوە و بوژانەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی. ئەمڕۆش کە بە شانازییەوە یادی ئەو ڕۆژە پرشنگدارە دەکەینەوە، ئێمە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە خوێندکاری ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی گەورەمان بین، بیروباوەڕە نەگۆڕەکانی مام دەکەینە پلان و بەرنامە و هەنگاوەکانی کارکردنی سیاسیمان، ئێستاش لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە سیاسەت و ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلالە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. 
هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە کۆتایی بە ململانێ کەسی و ‌بەرژەوەندییە حزبییەکان بهێنن و پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانی میللەتەکەمان و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکەین. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×