لە عێراق 37 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-04-07       333       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا هەشت هەزارو 331 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 37 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوەو كە بەرزترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە پارێزگای دهۆك و هەولێر تۆماركراوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 49 هەزارو 588 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان هەشت هەزارو 331 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە پێنج هەزارو 20 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 37 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترین حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر و دهۆك تۆماركراون: 5 لە هەولێر، 5 لە دهۆك.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 895 هەزار و 622 كەس و لەوانە 14 هەزارو 572 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 794 هەزارو 444 كەسیان چاكبونەتەوەو 86 هەزارو 606 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 491 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×