تەندروستی عێراق: هیچ حاڵەتێكی خراپ بەهۆی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆناوە تۆمارنەكراوە
  2021-04-10       500       

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرایكرد، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی خراپ بەهۆی بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆناوە تۆمار نەکراوەو دەشڵێت: تا ئێستا 126 هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتوە.

ئاوێنە: عەبدولغەنی ساعدی, بەڕێوەبەری تەندروستی رەسافە رایگەیاند، لە کۆی (40) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی تا ئێستا (126) هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، ئەوە رێژەیەکی زۆر کەمە بۆ دروستکردنی بەرگری گشتی سەرەڕای بەردەستبونی ڤاکسینەکان.

وتيشی: عێراق هەمو رێوشوێنەکانی تەواوکردوە، بۆ دابینکردنی (21 ملیۆن و 500)هەزار ژەمە ڤاکسینی دیکە، کە لە چەند رۆژی داهاتودا دەگات بە دەستمان، هەرسێ جۆری ڤاکسینی (سینۆفارم، فایزەر، ئەسترازێنیکا) بەسەر هەمو دامەزراوە تەندروستییەکاندا دابەشدەکرێت.

رەبی فەلاح، ئەندامی تیمی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هیچ جۆرە کاریگەرییەکی خراپی ڤاکسینەکان تۆمار نەکراون، کاریگەرییە لاوەکییەکان سادەن و هەمو جۆرە کوتانێک ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی هەیە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×