كازمی ستایشی رۆڵی ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دەکات لە شەڕی داعش
  2021-04-10       484       

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ستایشی رۆڵی ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق دەکات لە شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش، لە ئێستاشدا ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، راوێژکاریی و مەشق و راھێنانه‌ بە ھێزە ئەمنییەکان.

ئاوێنه‌: مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە یەکەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا ئەنجامدرا، وتەیەکی پێشکەشکردو رایگەیاند،"ھێزەکانی عێراق به‌ سوپا، پێشمەرگە، پۆلیس، حەشد، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای ھەواڵگریی بەشداربون لە شەڕی دژبە تیرۆر، تیرۆر بونەتە بەرەنگارییەکی جیھانیی و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە روبەڕوبونەوەی ئەو بەرەنگارییەدا کردوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای به‌ڕێوه‌چونی گه‌ڕی سێیه‌می دیالۆگی ستراتیجی واشنتن و به‌غدا ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، راوێژکاریی و مەشق و راھێنانه‌ بە ھێزە ئەمنییەکانی ئه‌و وڵاته‌.

مسته‌فا كازمی باسی له‌وه‌شكرد، "عێراقییەکان یارمەتی ھەمو وڵاتانی جیھانیانی داوە بۆ رزگاربون لە تیرۆر و ئەو سەرکەوتنەش کە بەسەر تیرۆردا تۆمارکرا، لە کۆتاییدا سەرکەوتنی عێراق بو".

سەرۆک وەزیرانی عێراق  باسی لەوەشکرد، "لەئێستادا ھەوڵەکانمان چڕکردوەتەوە بۆ توندوڵکڕدنی دەروازە سنورییەکان، بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی له‌و ده‌روازانه‌، کۆنتڕۆڵکردنی ھەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا و رێگرتن لە دەستوەردانی بیانی له‌ وڵاته‌كه‌ماندا".

ئەمڕۆ شەممە یەکەم کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە بەغدا پایتەختی عێراق بەڕێوەچو، کە لە لایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە رێکخرابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×