پێنج بومەلەرزە ڕۆژهەڵاتی سلێمانی هەژاند
  2021-04-11       396       
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج بومەلەرزە لە قەزای پێنجوێن ڕویداوە.

ئاوێنە: دەستەی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی نیسان بڵاویكردەوە، وێستگەی بومەلەرزەی دەستەكەیان ڕودانی پێنج بومەلەرزەی لە قەزای پێنجوێن-ی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی تۆماركردووە، پاش ئەو بومەلەرزە سەرەكییەی ئێواری دوێنێ لە ناوچەكەدا ڕویداوە.

ئاشكراشیكرد، بومەلەرزەكان لەكاتی نزیك لە یەكتر ڕویانداوە، یەكەمیان لە كاتژمێر 04:30ی بەرەبەیان بە گوڕی 3.6 پلە و لە دووری 54 كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، دووەم لە كاتژمێر 04:35 و بە گوڕی 3.4 و لە دووری 56 كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاكە بووە.

بومەلەرزەی سێیەم لە كاتژمێر 04:46 و بە گوڕی 3.8، چوارەم لە كاتژمێر 04:48 و گوڕی 3.0 و پێنجەم و كۆتایی لە كاتژمێر 05:22 و بە گوڕی 3.7 و لە دووری 55 كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بووە، وەك ئەوەی دەستەكە ئاشكرایكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە بومەلەرزەكان لەلایەن هاوڵاتییانەوە هەستیانپێكراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×