وتەبێژی حكومەتی هەرێم داوای رونكردنەوە لە عەلی حەمەساڵح دەكات
  2021-04-12       834       

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردودا عەلی حەمەساڵح، وتەیەكی بەناوی بەندەوە بڵاوكردوەتەوە بەڵام دوای دڵنیابونەوەی كە ئەو زانیارییانەی بەناوی منەوە بڵاویكردونەتەوە بێ بنەمان، داوای لێبوردنی كردو ئێمەش داوای رونكردنەوەیەكمان بۆ رایگشتی لێكرد بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پەرلەمانتارە هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە.

ئاوێنە: جوتیار عادل، كە هاوكات سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمشەو دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی"لە چەند رۆژی رابردودا، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، گوتەیەکی بەناوی بەندەوە بڵاو کردوەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەبو و بەندە قسەیەکی لەو شێوەیەی نەکردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای دڵنیابونی ئەو پەرلەمانتارە لەوەی کە ئەو زانیارییانەی بەناوی منەوە بڵاویکردونەتەوە بێ بنەمان، داوای لێبوردنی کرد و ئێمەش داوامان کرد رونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بدات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو رونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕو تاوەکو چی دیکە لەسەر بنەمای زانیاری نادروست خەڵکی بەلارێ دا نەبرێت."

جوتیار عادل وتویەتی"داواش لەو پەرلەمانتارە و کەسانی هاوشێوەیان دەکەین، پێش ئەوەی قسە لەسەر هەر بابەتێک بکەن بەدواداچونی تەواوی بۆ بکەن و بابەتەکان لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە وەربگرن، تاوەکو خۆیان توشی ئیحراجی نەبن و کۆمەڵگەش بە لارێ دا نەبەن."

جوتیار عادل لە رونكردنەوەكەیدا هیچ ئاماژەیەكی بەو وتەیە نەداوە كە دەڵێت، لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە بەناوی ئەمەوە بڵاوكراوەتەوەو "بێ بنەمایە."

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک لە سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە چەند رۆژی رابردودا، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، گوتەیەکی بەناوی بەندەوە بڵاو کردوەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نەبو و بەندە قسەیەکی لەو شێوەیەی نەکردوە.

دوای دڵنیابونی ئەو پەرلەمانتارە لەوەی کە ئەو زانیارییانەی بەناوی منەوە بڵاویکردونەتەوە بێ بنەمان، داوای لێبوردنی کرد و ئێمەش داوامان کرد رونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بۆ رای گشتی بدات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو رونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بخەینەڕو تاوەکو چی دیکە لەسەر بنەمای زانیاری نادروست خەڵکی بەلارێ دا نەبرێت.

داواش لەو پەرلەمانتارە و کەسانی هاوشێوەیان دەکەین، پێش ئەوەی قسە لەسەر هەر بابەتێک بکەن بەدواداچونی تەواوی بۆ بکەن و بابەتەکان لەسەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوە وەربگرن، تاوەکو خۆیان توشی ئیحراجی نەبن و کۆمەڵگەش بە لارێ دا نەبەن.

د.جوتیار عادل
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٤/١٢

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×