توركیا: دەست بە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ میسر دەكەین
  2021-04-14       568       

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، دەست بە قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسر دەكەن و دەكرێت لەماوەی داهاتودا وەفدی هەردو وڵات سەردانی یەكدی بكەن.

ئاوێنە: ئەو قسانەی چاوشئۆغلۆ لە وەڵامی رۆژنامەنوساندا هات لەبارەی وردەكاری ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر ئەنجامی داوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا وتی"قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكان لەگەڵ میسر دەست پێدەكەین، دەكرێت وەفدی هەردو وڵات سەردانی یەكدی بكەن. لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەو دیپلۆماتكاران لەگەڵ میسر كۆبونەوە دەبێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە هێشتا وادەی ئەو كۆبونەوەیە دیارینەكراوەو پرسی "دانانی باڵیۆز" دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەو دیدارانەوە.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەداهاتودا خۆیشی وەك وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر دیداری دەبێت.

دوای لەسەر كار لادانی محەمەد مورسی، سەرۆكی پێشوی میسر لەلایەن سوپاوە لە سایەی خۆپیشاندانەكان دژبە دەسەڵاتی ناوبراو لەساڵی 2013دا، پەیوەندییەكانی میسر و توركیا تێچكون.

هەر لەو ساڵەدا هەردو وڵات باڵیۆزەكانیان كشاندەوەو پەیوەندییەكانیان هەڵپەسارد.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×