بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەبارەى دەستگیرکردنی فەرمانبەرێکیان بەهۆی فێڵکردنەوە ڕوونکردنەوەیدا و جەختی لەئەوەکردەوە، ئەو کەسە لەدەرەوەی دەوام کارەکەی کردووە و ئێستا ڕێکاری یاسایی و ئیداری لەبەرامبەر گیراوەتەبەر.
ئاوێنه: لەمبارەیەوە سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە: لەدەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە تۆمەتێکیان خستۆتە پاڵ لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و لیژنە هاوبەشەکان، گوایە کاڵا و خۆراکی بەسەرچوو دەکەنە شوێنکارەکان و دواتر بەڕێکەوتن پارە لەخاوەنکارەکە وەردەگرن، لەکاتێکدا ئەم تۆمەتە دوورە لەڕاستییەوە، بۆیە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە تۆماردەکەن.
ئاماژەى بەوەشكردووە: ڕاستی ڕووداوەکە بەو جۆرە بووە، کە سکاڵا لەسەر فەرمانبەرێکیان تۆمارکراوە، کە کارێکی لەو شێوەیەی کردووە، نەک لیژنەکانیان ئەوەی کردبێت، بۆیە ئەو کەسە دەستگیرکراوە و ڕێکاری یاسایی و ئیداری لەبەرامبەر گیراوەتەبەر و ئەگەر لەدادگا بەسەریدا ساغببێتەوە، ئەوە بەپێی یاسا ڕێکاری پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەوەش خراوەتەروو : ئەو کەسە لەدەرەوەی دەوامی فەرمی ئەو کارانەى کردووە، و پێشتر ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بووە و دواتر کە لەوێ نەماوە، بووەتە فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی.
لەماوەی دە ڕۆژی یەکەمی ڕەمەزاندا لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی توانیویانە دوو هەزار و 814 سەردان بکەن، کە 211 سەرپێچییان تۆمارکردوە.
هەر لەوماوەیەدا 145 ئاگادارکردنەوەیان نوسیوە، 34 شوێنیان داخستووە، پێنج شوێنیان داوە بەدادگا، 34 تۆن خۆراکیان لەناوبردووە، بڕی 15 ملیۆن و 625 هەزار دینار غەرامەیان نوسیوە.
شایەنی باسە ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەى چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامێکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەتۆمەتی فێڵکردن لەخەڵک دەستگیکرا.