هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین: شه‌ش سەربازی تورکیا كوژران و 15ی تریش بریندارن
  2021-04-29       429       

هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) ئاشكرایكرد، له‌چالاکیه‌كدا توانیویانه‌ شه‌ش سەربازی تورکیاو چەکداری لایەنگری ئەنكەرە بکوژن‌و 15ی تریش برینداربكه‌ن.

ئاوێنه‌: هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین (هەرەئە) لەبارەی چالاکییەکانیان دژ بەسوپای تورکیاو گرووپە چەکدارییە سورییەکانی هاوپەیمانی ئەنكەرە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی عەفرین ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فوڕات كه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى بڵاوكردۆته‌وه‌ هاتوه‌، "لەبلبلێ، ڕاجۆو شێراوای عەفرین کە لەژێر دەستی  هێزەکانی تورکیاو گروپە چەکدارییە سورییەکانی هاوپەیمانی ئەنكەرەدایە، چالاکییان ئەنجامداوە لەئەنجامی ئەو چالاکیانەدا شه‌ش سەربازی تورکیاو چەکداری لایەنگری ئەنكەرە کوژراون‌و 15ی تریش برینداربوون".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "لە14ى نیسان لەناوچەى بلبلێ لەچالاکییەکدا دوو چەکدار کوژراون‌و دووانى تریش برینداربوون".

باسیان له‌وه‌شكردوه‌، لە16ى نیسانیش لەعەفرین لەسەر ڕێگای ڕاجۆو لەئەنجامی چالاکیی سابوتاژدا چوار چەکدار کوژران‌و یەکێکی تریش برینداربووە.

لە23ى نیسان لەعەفرین لەچالاکیەکی سابوتاژدا سێ چەکدار برینداربون‌و هەر لەو ڕۆژەدا لەبلبلێ لەدژی کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا چالاکییەکی سابوتاژ ئەنجامدرا، به‌هۆیه‌وه‌ سێ سەرباز کوژران‌و چوار چەکداری گرووپە سورییەکان برینداربوون.

لە24ى نیسان لەعەفرین لەچالاکیی ئەو هێزانەدا دوو چەکداری سەر بەگرووپە سورییەکانی لایەنگری ئەنكەرە برینداربوون.

لە26ى نیسانیش لەدەوروبەری گوندی باسوفان لەناوچەى شێراو لەدژی هێزەکانی سەر بەتورکیا  چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەکەدا ئۆتۆمبێلێکی گرووپە سورییەکان تێکشکێنرا، بەڵام لەبارەی کوشتن‌و برینداربوونی زانیارییەکی روون دەستنەکەوتووە
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×