یەكگرتو ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرد
  2021-05-01       1216       

دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بەڕەسمی ناوی كاندیدەكانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرد كە ژمارەیان شەش كاندیدەو دەشڵێت، بەشێوەی كاندیدی تاك بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن.

ئاوێنە: دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كاندیدەكانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرد و دەشڵێت، لەماوەی رابردودا حیزبەكەیان هەوڵی زۆری داوە كە هاوپەیمانییەكی فراوانی هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەكە دروست ببێ، بەڵام بێ ئەنجام بو و "هۆكارەكەشی لای ئێمە نەبو."

بەپێی راگەیەندراوەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتو، كاندیدەكانی ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەك كاندیدی تاك بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن و ژمارەیان شەش كاندیدەو پێكدێن لەمانە: 

 عومر کۆچەر  لە بازنەی زاخۆ 

جەمال کۆچەر لە بازنەی دهۆک 

زوهێر خۆشناو لە بازنەی رۆژهەڵاتی هەولێر 

د. پەخشان سیان لە بازنەی رۆژئاوای هەولێر 

دارا سێکانیانی لەبازنەی باکوری سلێمانی 

موسەننا ئەمین لەبازنەی هەڵەبجە

دەقی راگەیەندراوەكە..

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان 

راگەیەندراوێک  لە دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان .. 

لەماوەی رابردو یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان زۆری هەوڵیدا کە هاوپەیمانیەتیەکی فراوانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوردستان دروست بێ تا نوێنەرایەتی دەنگی شەقامی ناڕازی  بکات، خودی جەنابی ئەمینداری گشتی ئەم دەستپێشخەرییەی کرد، بەڵام بێ ئەنجام بو هۆکارەکەشی لای ئێمە نەبو، بۆیەو بەپێی سیستمی نوێ هەڵبژاردنەکان چەندین سەرکردەو کادیری یەکگرتو وەک کاندیدی تاک (مرشح الفرد) بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و ئێمەش پشتگیرییان دەبین و بڕواشمان بە لێهاتویی و تواناکانیان هەیە لە دەرچون و خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان.  

سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەکگرتو هەر لەسەرەتاوە پەرۆشی یەکرێزی و دروستکردنی هاوپەیمانی هێزە کوردستانییەکان بو و ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە کارەکتەرێکی کاریگەری ئەم هەوڵ و هاوپەیمانییەتییە بێ، بەڵام دروست نەبونی ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی هێزەکانی دەسەڵاتە، لێرەوە رادەگەیەنین کە یەکگرتو پشتگیری ئەم کاندیدانە دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021:

عومر کۆچەر  لە بازنەی زاخۆ 

جەمال کۆچەر لە بازنەی دهۆک 

زوهێر خۆشناو لە بازنەی رۆژهەڵاتی هەولێر 

د. پەخشان سیان لە بازنەی رۆژئاوای هەولێر 

دارا سێکانیانی لەبازنەی باکوری سلێمانی 

موسەننا ئەمین لەبازنەی هەڵەبجە

داواش لەهەمو لایەنگر و دۆستان دەکەین کە پشتگیری ئەم کاندیدانە بن.

دەزگای هەڵبژاردن 
2021/5/1


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×