عێراق چوارەم وڵاتی هەناردەکاری خورمایە
  2021-05-01       817       

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە پلەی چوارەم لە هەناردەکردنی خورمادا، بەجۆرێک لەمساڵدا ٧٣٥ هەزار تۆن خورمایان هەناردەکردووە.

ئاوێنه‌: حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا ٦٠٠ هەزار تۆن خورمایان هەناردەکردووە، بەڵام لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٣٥ هەزار تۆن و لە پلەی چوارەمدان لەسەر ئاستی جیهان.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ١٧ ملیۆن دارخورما لە عێراقدا هەیە و جوتیاران هاندەدەن بە روواندنی زیاتر ئەو دارە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەمساڵدا هەر تۆنێک خوریان بە ٧٠٠ هەزار دینار فرۆشتووە، دەشڵێت، خورمای عێراقییان بۆ وڵاتانی هیندستان و تورکیا و سوریا و ئیماڕات و بەنگلادیش و بازاڕە ئەمریکی و ئەوروپیەکان هەناردە کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵانی ٧٠کانی سەدەی رابردوودا، عێراق پلەی یەکەمی لە هەناردەکردنی خورمادا گرتبوو، کە بە جۆرێک زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن خورما هەناردەی دەرەوە دەکرا، بەڵام دواتر عێراق لە ریزبەندییەکەدا پاشەکشەی کرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×