بەهۆی خۆپیشاندانی چه‌كدارانی حەشدی شەعبی بینای وەزارەتی دارایی عێراق چۆڵ کرا
  2021-05-02       484       
بەهۆی خۆپیشاندانی ئەو چەکدارانەى حەشدی شەعبی کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، فەرمانبەران و کارمەندانی وەزارەتی دارایی عێراق بیناکەیان چۆڵ کرد.   

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئایاری 2021، بەشێک لەو چەکدارانەى حەشدی شەعبی کە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی داراییەوە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و موچەکانیان بڕدراوە خۆپیشاندانیان کرد، فەرمانبەرانی وەزارەتەکەش لە ترسی چوونەناوەوەى ئەو خۆپیشاندەرانە بیناکەیان چۆڵ کرد.  

هاوکات هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنیان تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، باس لە بریندار بوونی چەند خۆپیشاندەرێک دەکرێت.  

لەکاتی دەنگدان بە بودجەی 2021ی گشتی عێراق، هەردوو هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و فەتح مەرجیان دانا بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، لەوانە ڕەزامەندیدان لەسەر دامەزراندنی 30 هەزار چەکداری نوێ لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، هاوکات مەرجی ئەوەشیان هەبوو کە دەبێت بڕگەیەک لەناو پڕۆژەیاساکەدا دابنرێت کە ماف و ئیمتیازات بدرێت بەو چەکدارانەی کە گریبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە بۆئەوەی جارێکی تر لەسەر میلاکی دەستەی حەشدی شەعبی دابمەزرێنەوە.  

ئەو چەکدارانەی کە گریبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە ناسراون  بە "المفسوخة عقودهم"، ئەوان وەک چەکدارانی دیکەی حەشدی شەعبی هیچ موچەییەکیان نییە، بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێکی زۆر لە ئەوانە ئەو چەکدارانەن کە پێشتر لە ڕیزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بوون، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمیی تۆمارنەکراون.  

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو چەکدارانە بەشێکی زۆریان  پێشتر لە ڕیزەکانی گروپە چەکدارەى عێراقییەکان بوون لە سوریا وپاڵپشتیان لە ڕژێمەکەی ئەسەد کردووە و شەڕەیان بۆ کردووە، بەشێکی دیکەشیان لەم دوایانەدا چوونەتە رێزی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بەشێکی دیکەشیان وەک یەدەک بوون وئێستا چوونەتە ڕیزی گرۆپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەوچەکدارانەی کە لە شەرەکاندا کوژراون.     



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×