بابەكر زێباری: دەست بە هەنگاوی كرداری بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەكرێت
  2021-05-05       474       

بابەكر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی ھەرێم سورە لەسەر ئەوەی ھەمو ھێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، بەتایبەت یەکەی 70 و 80 و بڕیارە دەست بە ھەنگاوی کرداری بۆ ئەو کارە بکرێت و ھاوپەیمانانیش ھاوکار دەبن.

ئاوێنە: بابەکر زێباری، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند"سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمو ھەوڵێک دەدات لایەنەکان لە یەک نزیک بن و چاکسازی بەردەوام بێت و ھەمو ھێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە. یەکگرتنەوەی یەکەکانی 70 و 80 کارێکی گەورەیەو ئاسان نییە، بەڵام ئیرادەیەکی بەھێز ھەیە بۆ یەکگرتنەوەیان و سەرۆکی ھەرێم سورە کە یەکبگرنەوە، بۆیە بڕیارە ھەنگاوی کرداری بنرێت و ھاوپەیمانانیش ھاوکار دەبن."

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وتیشی "بڕیارە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی خاڵی ڕێکخستنی یەک یەکەی حیسابی بۆ ھەمو پێشمەرگە بتوانرێت ھەردو ھێز یەکبگرنەوە، چونکە ئەوە خاڵی سەرەکییە، گەر ئەو کارە کرا ئەوکات یەکگرتنەوەکە ئاسان دەبێت، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کارە دەکرێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە."

بابەکر زێباری باسی لەوەش کرد"سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوکارە، چونکە دەزانێت یەکگرتو بین سەرکەوتو دەبین و بەرپرسانی ھەردو ھێزیش زۆر گەشبینن کە بتوانن بگەنە ڕێککەوتن و شەو و ڕۆژ کار بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت، بۆیە لە کۆتاییدا ھێزی پێشمەرگە دەبێتە یەک ھێزی یەکگرتو." 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×