لەعێراق 29 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا كە زۆترینیان لە سلێمانی بون
  2021-05-10       457       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە كۆرۆنا چاكبونەتەوە زیاتر بوە لەوانەی توشی كۆرۆنا بون و هاوكات 29 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 34 هەزارو 315 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان چوار هەزارو 902 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە زیاتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە شەش هەزارو 237 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 29 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بون و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدانن.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 117 هەزارو 627 كەس و لەوانە 15 هەزارو 800 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 11 هەزارو 606 كەسیان چاكبونەتەوەو 90 هەزارو 221 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 543 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×