وڵاتێكی عەرەبی گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگرێت
  2021-05-15       512       
كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانیی ئیمارات بڕیاریاندا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ئیسرائیل رابگرن تا ئەوكاتەی هێرشە مووشەكییەكانی حەماس بۆسەر ئەو وڵاتە كۆتایی پێدێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەممە، كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئیمارات رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەئەمڕۆوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل رابگرن، ئەمەش لەترسی هێرشە مووشەكییەكانی حەماس كە تائێستاش بۆسەر ئیسرائیل بەردەوامە.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەگەڵ بەرپرسانی هێڵی ئاسمانیی ئیسرائیل لە پەیوەندیدا دەبن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك و دەستپێكردنەوەی گەشتەكان.

هاوكات دەزگای فڕۆكەوانیی ئیسرائیل داوای لە كۆمپانیا ئیماراتییەكە كردووە، بۆ پاراستنی فڕۆكەكانیان لە هێرشە مووشەكییەكانی حەماس، رووگەی گەشتە ئاسمانییەكانیان لە فڕۆكەخانەی بن گۆریون-ەوە بگوازنەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی رامون لە بیابانی نەقەب.

ئیمارات لەدوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، لەمانگی ئەیلولی 2020ەوە گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەستپێكرد، كە رۆژانە چەندین گەشتی نەفەرهەڵگرو بارهەڵگر بۆ فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل ئەنجامدەدات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×