ئاڵا تاڵەبانی داوای كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات
  2021-05-16       382       

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆكایەتییەكانی عێراق و هەرێم دەكات ماددەكانی بودجە جێبەجێ بكەن و كۆتایی بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بهێنرێت.

ئاوێنە: ئاڵا تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەنامەیەكدا بۆ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەك هاوڵاتیانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، دڵخۆش بون بەوەی پەسەندكردنی یاسای بودجە ببێتە مایەی جێبەجێكردنی ماددەكانی ئەو یاسایەو كەمكردنەوەی باری سەرشانیان بەتایبەت فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش لەسەدا 21 لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێت كە ئەوەش لێبڕینێكە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت، چونكە رێككەوتنی نیشتمانی بوە هۆی یەكلاكردنەوەی پرسی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا كە ئەوەش لەلایەن هەمو لایەنەكانەوە پەسەندكراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی هێمای بۆ لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق كە وتبوی، تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێك یان داهاتێكی نەوتی رادەست نەكردوەو ئەوەش لەلایەن جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بەوە وەڵام درابوەوە كە لە نزیكترین كاتدا وەڵامیان بۆ لێدوانەكانی وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەبێت.

بە بڕوای سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە دەسەڵاتدارانی هەرێم، وەڵامێكی دیاریكراویان لەبارەی كێشەی رێكخستنی هەناردەی نەوتەوە نییە بەشێوەیەك كە دەستەبەری دادپەروەری و پشكی هاوڵاتیانی هەرێم لە نەوتی عێراق و هەروەها مافی دەوڵەتی فیدراڵ و تەواوی عێراقییەكان لە نەوتی هەرێم بكات.

هەروەك ئاڵا تاڵەبانی پێی وایە ئەمە بەمانای ئەوەش دێت كە دەسەڵاتدارانی هەولێر گیرۆدەی بیرۆكراتییەتێكن كە زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هاوڵاتیانی عێراقی دەگەیەنێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەت هەردو وەزارەتی نەوت و دارایی هەرێم، پێویستە وەڵامی بەپەلەیان هەبێت لەبارەی هۆكارەكانی بەردەوامی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و هەروەها لەبارەی هۆكاری رادەستنەكردنی بڕە نەوتی بڕیارلێدراو بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.

هەروەها وتوشیەتی، ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق باوەڕمان بەوەیە كە پەرلەمان رۆڵە چاودێریكەرەكەی تەواو بكات دوای ئەوەی كە بودجەی پەسەندكردوە و هانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بدات بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی بودجە.

ئاڵا تاڵەبانی پێی وایە ئەركی پەرلەمانی كوردستانیشە كە چاودێری و لێپێچینەوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بكات لەبارەی لێبڕینی موچەو داوا جێبەجێكردنی بەندەكانی یاسای بودجەی عێراق بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×