حەشدی شەعبی: تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەكمان لەبارەی پرسی قاسم موسڵیح دەرنەكردوە
  2021-05-28       554       

حەشدی شەعبی رەتیدەكاتەوە تاوەكو ئێستا هیچ بەیاننامەیەكیان لەبارەی پرسی قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشد لە ئەنبار، دەركردبێت كە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لەلایەن هێزێكی ئەمنی تایبەتەوە دەستگیركرا.

ئاوێنە: دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دەستەكەمان تاوەكو ئێستا هیچ بەیاننامەیەكی لەبارەی پرسی قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار لە حەشدی شەعبی دەرنەكردوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەمو ئەو بەیاننامانەی بەناوی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوكراونەتەوە بە "ساختە" دەژمێردرێن.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 26ی ئایار، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركرا.

دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی كاردانەوەی بەشێك لە هێزە شیعییەكانی لێكەوتەوەو ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆ شەوەكەی چونە سەر ناوچەی سەوز.

هەر ئەو شەوە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی دۆخەكەوە لەگەڵ بەشێك لە سەركردە شیعەكان كۆبوەوەو دوابەدوای ئەوە چەكدارو لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز كشانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان كرد كە فەرماندەكەی حەشدی شەعبی ئازادكراوە.

بەڵام هەر ئەو شەوە، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، لیژنەیەكی هاوبەشی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ فەرماندەكەی حەشدو ئەو كەسەش لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەهێڵرێتەوە تا كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان.

كازمی ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دیاردەو نمایشە چەكدارییانەی كە لەلایەن هەندێك گروپی چەكدارییەوە ئەنجامدراون و پێشێلی مەترسیداری دەستوری عێراق و یاسا بەركارەكانن و فەرمانكردوە لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ لەبارەی ئەو جوڵانەوە بكرێت.

تاوەكو ئێستا هەواڵی لێكدژ لەبارەی چارەنوسی فەرماندەكەی حەشدی شەعبییەوە هەن. لەگەڵ ئەوەی سەرچاوەكانی حەشد باس لەوە دەكەن كە ناوبراو رادەستی هێزەكانیان كراوەتەوەو ئازادكراوە، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لە حكومەتەكەی كازمی، جەخت دەكەنەوە كە هێشتا قاسم موسڵیح ئازادنەكراوەو لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی روبەڕوی كراونەتەوە بەردەوامە.

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیەی حەشد، ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە، وتبوی، دەستگیركردنی قاسم موسڵیح بە تۆمەتی كوشتنی چالاكوانانە.

بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاندبو، قاسم موسڵیح لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگلانی لە چەند هێرشێك لەوانەش هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیركراوە كە ئەو بنكەیە هێزەكانی ئەمریكاو چەند هێزێكی دیكەی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×