لە ساڵی ڕابردوودا زۆربەی پێداویستییەکانی ژیان لە ئێران، کە بەشێکیشیان خواردەمەنین، لە ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ لە سەد گران بوون.
ئاوێنه: وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نرخی ٢٧ جۆری پێداویستیی رۆژانەی وەک برنج، گۆشتی مریشک، زەیت، جۆ و نیسک لە نێوان دوو هەتا چوار هێندەی ساڵی پێشووتر زیادیان کردووە.
بە گوێرەی ئەم راپۆرتە ١٧٤ لاپەڕەیییە کە ماڵپەڕی وەزارەتەی پیشەسازی و بازرگانی بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا نرخی ٤١ پێداویستی دیکە کە بەشێکیان خواردمەنین لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.
گرانی پێداویستیی ژیانی خەڵکی ئێران لە کاتێکدا لە بەرزبوونەوە دایە کە لەلایەکی دیکەوە داخرانی کارگە و کارخانەکان بێکاربوونی کرێکارانیش بەردەوامە.