میران محەمەد: دەبو چاکسازی لە موچە و شایستەی کەمئەنداماندا بکرایە
  2021-06-06       529       

میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، تارمایی ململانێی سیاسی و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان لەسەر کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کاریگەریەکی زۆر خراپبوە، دەبو هەمو حزبەکان و هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ  بەجددی چاکسازیان لە خزمەتگوزاریەکان و موچە و شایستەی کەمئەنداماندا بکردایە.

ئاوێنه‌: میران محەمەد لەمیانی نوسینێکدا بۆ پشتیوانی لە یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان رایگەیاندوە، "یەکێتی کەمئەندامان و هەمو خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان شکۆی کۆمەڵایەتیمانن،  ئێمەش لەبەردەم تاقیکردنەوەی ویژدان و وەفادارین بەرامبەریان، بەداخەوە تارمایی ململانێی سیاسی و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان لەسەر  کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کاریگەریەکی زۆر خراپبوە، دەبو هەمو حزبەکان و هەردو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ  بەجدی چاکسازیان لە خزمەتگوزاریەکان و موچە و شایستەی کەم ئەنداماندا بکردایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک ئاگادارن کە ساڵی پار براتان پرۆژەیەکی راگەیاند کە بڕەپارەیەک لە بودجەی حکومەت تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی موچەی کەمئەندامان دوانەکەوێت و لەکاتی خۆیدا بدرێت، ئەوەبو خۆشبەختانە دوای چەند مانگێک وردە وردە کاتی دابەشکردنی موچە رێک بوەوە ئەگەر خوا بکات تێکنەچێتەوە".

میران محەمەد باسی لەوەشکردوە، "ئەم ساڵیش پێشنیاری داواکاریەکی تر دەکەم کە فشاربکەین خزمەتگوزاریەکان بۆ کەمئەندامان بکرێتە بێ بەرامبەر یاخود بە نرخێکی رەمزی بێت و هەروەها دەبێت کەمئەندامان لە نرخی شت ومەک و کاڵا و سوتەمەنی و هەمو پێداویستیەکانی رۆژانەدا داشکاندنیان بۆ بکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×