راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێم: پێویستە پەكەكە بەزۆر لە خاكی هەرێم دەربكرێت
  2021-06-06       890       

بابەكر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند"پێویستە پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بکشێتەوەو ئەگەر نەکشێتەوە، ئەوا پێویستە بەزۆر دەربکرێت."

ئاوێنە: بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە"پەکەکە بەئاشکرا شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت و بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردوە، ئەگەر مەبەستی پەپەکە داگیرکارییە و هەرشوێنێک بکەوێتە ژێر دەسەڵاتییەوە ئامادە نییە چۆڵی بکات، دەبێت خەڵکی کوردستان بپرسن پەکەکە لەسەر خاکی ئێمە چی دەکات."

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم وتوشیەتی"کردەوەکانی پەکەکە دژ بە خەڵک و هێزە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان تیرۆریستین، چونکە لە چەندین ناوچە تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش کردوە بە ئامار لامانە لە ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکان و چەمانکێ و ئامێدی چەکدارانی پەکەکە بۆسەیان بۆ پێشمەرگە داناوەو ڕێگەیان بۆمبڕێژ کردوە، هەتا خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج. سەیر لەوەدایە کاتێک هێزەکانی تورکیا دەچنە ئەو ناوچانە چەکدارانی پەکەکە بێدەنگن، کەچی بەرانبەر بە پێشمەرگە شەڕ دەکەن."

بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد"پێویستە پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بکشێتەوەو ئەگەر نەکشێتەوە، ئەوا پێویستە بەزۆر دەربکرێت، با چیتر خەڵکی ئێمە نەبێتە قوربانیی سیاسەتی هەڵەو بەزۆری سەرانی پەکەکەو ناتوانین چیتر بێدەنگ بین بەرانبەر کردەوەکانی پەکەکە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×