هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازیی ڤیكتۆریا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا
  2021-06-09       555       

ئەمشەو چوارشەممە، بە موشەك هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازیی "ڤیكتۆریا" لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەوەش دوای ئەوەی هەر ئەمشەو هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر بنكەی سەربازیی بەلەدا لە پارێزگای سەڵاحەدین.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان، لەگەڵ هێرشە موشەكییەكەدا بۆ سەر ئەو بنكە سەربازییە دەنگی زەنگی ئاگاداركردنەوە لەنێو بنكەكەوە بیستراوە.

هێرشەكە بە چەند موشەكێك كراوەتە سەر بنكەی سەربازیی ڤیكتۆریا كە بەشێكی بنكە سەربازییەكە هێزەكانی ئەمریكا لە خۆدەگرێت.

نزیكەی سەعاتێك بەرلەوە، هەر ئەمشەو هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەكی كورتیدا رایگەیاندبو، سێ موشەك لە بنكەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین كەوتونەتە خوارەوە.

وتبوشی، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەكەوتۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×