ئیتڵاعات بۆ ئەحمەدی نەژاد: بڕۆ دەرمانی نەخۆشیی دەروونی وەربگرە
  2021-06-14       824       
بۆ جاری دووەم وەزارەتی هەواڵگیری ئێران (ئیتڵاعات)، لە ڕێگەی بەرپرسانی وەزارەتەکەوە وەڵامی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەدەنەوە، بەرپرسێکی ئەو وەزارەتە دەڵێت، “ئەحمەدی نەژاد با بڕوات دەرمانی نەخۆشیی دەروونی وەربگرێت”.

پێشتر ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاندبوو، لەناو ئێران و وەزارەتی ئیتڵاعاتدا “باندی مافیای ئەمنی” هەیە و تۆمەتبارن بە چەندین تاوان، وتبووشی، بەرپرسی ڕوبەڕوبوونەوەی ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، خۆی سیخوری ئیسرائیل بوو.

قسەكانی ئەحمەدی نەژاد بێوەڵام نەمانەوە، یەکێک لە ڕاوێژکارانی وەزیری هەواڵگیریی ئێران (ئیتڵاعات) بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی ڕاگەیاندووە، “نەژاد دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و ئاگاداری مانای وتەکانی بێت، لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو پیاوە کۆرسێکی دەرمانی چارەسەری نەخۆشیی دەروونی وەربگرێت”.

ئەحمەدی نەژاد، لە دوای ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونەکەی لەلایەن ئەنجومەنی دانانی دەستور (شورا نیگهبانان)، دەستیکردووە بە چەند لێدوانێکی توند دژی بەرپرسانی ئێران، پێشتریش ئاشکرایکردبوو، بەڵگەی تاوان و سەرپێچییەکانی چەندین بەرپرسی باڵای دۆكیومێنت کردووە و لە چەند شوێنێكی نهێنی دایناوە.

قسەی ئاراستە ئۆپۆزسیۆنیەکانی ئەحمەدی نەژاد، بووەتە پرسێکی گەرمی ئێران و پێشتر تەنها بەرپرسانی “بزوتنەوەی سەوز” لە ساڵانی ڕابردوودا بەو جۆرە قسەیان کردووە.

نەژاد لە کۆڕێکدا لە شاری ئەردەبیل ڕایگەیاند، “چەندین بەرپرس پارەی خەڵکیان بردووە و دوورگەیان پێکڕیووە، بۆئەوەی کە خەڵکی لێیان ڕاپەڕی، بچن لە دوورگەکە خۆیان حەشاربدەن، نازانن ئەگەر خەڵک ڕاپەڕێت، لەناو دوورگەکانیشدا ئارامی نابینن”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×