بایدن: هێرشی سەر سنورەكانی عێراق و سوریا بۆ بەرگری و پاراستن بوو
  2021-06-30       430       

جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، هۆكاری هێرشكردنە سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی لە سەر سنورەكانی عێراق و سوریا، بۆ پاراستن و بەرگریكردن بووە لە سەلامەتی ئەندامانی هێزەكانی ئەمریكا.

ئاوێنه‌: جۆ بایدن لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی نانسی بیلوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە باسی لەوەكردووە، ئەو دامەزراوانەی لە عێراق و سوریا كرانە ئامانج، لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە بەكاردەهێنران كە ئێران پشتگیریان دەكات و هێرش دژی ئەندامانی هێزەكانی ئەمریكا لە دامەزراوەكانی عێراق ئەنجام دەدەن.

رونیشیكردووەتەوە، لەماوەی كۆتاییدا هێرشەكان زیادیان كردووە و لە 4 و 18ی نیساندا و لە 3ی ئایاردا هێرش كرانە سەر بنكەی ئاسمانی بەلەد، هەروەها لە 2ی ئایاردا هێرش كرایە سەر ناوەندی بەغدا بۆ پشتگیری دبلۆماسی لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر  و لە 4 و 24ی هەمان مانگدا دوو جار هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد.

بایدن باسی لە هێرشی درۆنەكانیش كردووە جەختیلەوەكردووەتەوە لە 14ی نیسانی ئەمساڵدا هێرش كرایە سەر دامەزراوە ئەمریكییەكان لە هەولێر و لە 8ی ئایار هێرشكرایە سەر بنكەی ئاسمانی ئەسەد و لە 10ی ئایار بۆ سەر بنكەی بشور، هەروەها لە 9ی حوزەیران بۆ سەر دامەزراوەیەكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا، بایدن ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هێرشەكان بوونەتە هۆی برینداربوون و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی ئەندامانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×